تەنیا هەشت رۆژ بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە چارەنووسسازەکانی ئیسرائیل، پیت هێگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، لە سەردانێکی پێشوەختە و رانەگەیێندراودا گەیشتە ئەو وڵاتە و لە بنکەیەکی سەربازیدا لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ کۆبووەوە.
ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردووەتەوە، رۆژی دووشەممە هێگسێس لە بنکەی ئاسمانیی ئۆڤدا لە باشووری ئیسرائیل چاوی بە نەتانیاهۆ کەوتووە. هەروەها لەو سەردانەیدا چاوی بە سەرباز و هێزەکانی ئەمریکا کەوتووە کە لەو بنکەیەدا جێگیر کراون، کە لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆری فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکی لەخۆدەگرێت.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە گفتوگۆ و راوێژی چڕ لە نێوان واشنتن و تەلئەڤیڤ هەیە سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوان دژ بە ئێران، ئەمەش لە سایەی بەردەوامیی گرژییە ناوچەییەکان و هەبوونی جیاوازیی بۆچوون لەسەر چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی تاران. تاوەکو ئێستا هیچ وردەکارییەک لەسەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی نێوان هێگسێس و نەتانیاهۆ ئاشکرا نەکراوە.
سەبارەت بەم سەردانە، هەریەکە لە پێنتاگۆن و باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە واشنتن رەتیان کردووەتەوە هیچ لێدوانێک بدەن، و نووسینگەی نەتانیاهۆش بێدەنگیی هەڵبژاردووە. لە لایەکی دیکەوە، هێگسێس لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، وێنەیەکی خۆی لەگەڵ هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاوکردووەتەوە و ستایشی رۆڵیانی لە جەنگی ئێراندا کردووە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە بڕیارە لە 27ـی ئەم مانگەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ئیسرائیل بەڕێوە بچێت و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتگیریی خۆی بۆ نەتانیاهۆ راگەیاندووە، لە کاتێکدا بەگوێرەی راپرسییەکان چانسی مانەوەی هاوپەیمانیی دەسەڵاتداری ئیسرائیل کەمبووەتەوە. پێشتریش ئەکسیۆس لە 13ـی ئەم مانگەدا ئاشکرای کردبوو کە ترەمپ و نەتانیاهۆ بە تەلەفۆن باسیان لە ئەگەری هێرشی سەربازیی بەرفراوان بۆ سەر ئێران کردووە، دوای ئەوەی هەواڵگریی ئیسرائیل هۆشداریی داوە لە هەوڵەکانی تاران بۆ بنیاتنانەوەی بەرنامە ناوەکییەکەی.


کۆمێنتەکان
هێشتا کۆمێنتێک نییە.