لە کاتێکدا شەپۆلی سەرما رووی لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و هاووڵاتییان دەستیان بە بەکارهێنانی ئامێرەکانی گەرمکردنەوە کردووە، بەغدا هێشتا وەڵامی داواکارییەکی هەولێری بۆ دابینکردنی نەوتی سپیی ماڵان نەداوەتەوە و پرسەکە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی حکوومەتی فیدڕاڵ کردووە بۆ ئەوەی پێش هاتنی وەرزی سەرما و زستان نەوتی سپی ماڵان دابین بکرێت. بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی ئەو نووسراوە نەدراوەتەوە.
سەبارەت بە دابینکردنی نەوتی ماڵان لەلایەن بەغداوە، سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، نووسراوی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی نەوتی سپی ماڵانیان بەدەست گەیشتووە، بەڵام هێشتا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت بۆ ئەوەی میکانیزمێک بدۆزرێتەوە و نەوتەکە دابین بکرێت.
گوتیشی، ئەو پرسە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە یەکلایی نەکراوەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئاگادارن لە بەشێکی هەرێمی کوردستان کەشوهەوا تەواو گۆڕاوە و پلەی گەرما دابەزیوە.
پێشتر کوردستان24 بڵاوی کردەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان داوای لە وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە نەوتی سپی بۆ ماڵان دابین بکات، بەڵام دوای زیاتر لە مانگێک لەو داواکارییە بەغدا وەڵامی داواکارییەکەی نەداوەتەوە.
هەرێمی كوردستان ساڵانە پێویستی بە 317 ملیۆن و 590 هەزار و 800 لیتر نەوت هەیە بۆ ئەوەی بەسەر ماڵاندا دابەشی بكات، بەشێوەیەك ئەگەر بۆ هەر خێزانێكی ناو شار لە ساڵەكەدا بڕی 200 لیتر و بۆ دەرەوەی شاریش بڕی 400 لیتر نەوت دابین بكات.
لە مانگی ئابیشدا، شاندێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی بەنزین، زیادکردنی پشکی نەوت و شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان روو لە بەغدا دەکات، ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ ئامادەکاری لەسەر رەشنووسی یاسای بودجەی 2027ـی عێراق.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا شاندێکی وەزارەت بۆ مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی بەنزین و ئەو پێشنیاز و داواکارییانەی کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پێشکەشی حکوومەتی فیدراڵی کردووە، سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی نەوت کۆدەبێتەوە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوەش کرد "داوامان لە بەغدا کردووە ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەی کە بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە بڕەکەی زیاد بکرێت، جا ئەو زیادکردنە چ بە نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێمی کوردستان بێت یاخود عێراق خۆی نەوت بۆ پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزارەتی نەوت وەڵامی ئەو داواکارییەی نەداوەتەوە و بیانووەکەشیان ئەوەیە کە ئەمە لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە و دەبێت سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەسەر ئەو بابەتە بدات."
هەروەها ئەو بەرپرسەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاشکراشی کرد کە ئامانجی سەردانی شاندەکەیان بۆ بەغدا تەنیا بۆ پرسی بەنزین نییە، بەڵکو لەسەر پرسی بەرهەمهێنانی نەوت، شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان و هەموو ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە کەرتی نەوتەوە گفتوگۆ دەکرێت، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕەشنووسی یاسای بودجەی 2027ـی عێراق.


کۆمێنتەکان
هێشتا کۆمێنتێک نییە.