لە رووداوێکی چاوەڕواننەکراودا بەهۆی ناجێگیریی کەشوهەواوە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، هەورەبرووسکەیەک لە میحوەری خازر لە بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگەی دا و بەهۆیەوە چوار پێشمەرگە بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کران.

رووداوەکە کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگەی زێرەڤانی لە چیای زەرتک لە سنووری ناحیەی باشیک روویداوە.

یەکێک لە پێشمەرگە بریندارەکان سەبارەت بە چۆنیەتیی رووداوەکە روونیکردووەتەوە: "لە کاتی ئەرکدا بووین، هەورەبرووسکەکە لە بلاجکتۆرێکی کارەبای دا و بەو هۆیەوە من و سێ پێشمەرگەی دیکە بریندار بووین و دواتر ئاگامان لە خۆمان نەما." ئەو پێشمەرگەیە ئاماژەی بەوەش کرد کە برینی دووانیان سووکە، بەڵام دووانی دیکەیان بەهۆی زەبری هەورەبرووسکەکەوە لە قاچ و پشتیاندا بریندار بوون.

بۆ وەرگرتنی چارەسەر، هەر چوار پێشمەرگە بریندارەکە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا لە هەولێر. لەم بارەیەوە دکتۆرە سۆلین کاوە، پزیشکی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەکە رایگەیاند: "تەندروستیی هەرچوار پێشمەرگەکە جێگیرە، تەنیا یەکێکیان ئازارەکەی زیاترە، چونکە تەزووی کارەبای هەورەبرووسکەکە بەهێز بەرکەوتووە و ماسولکەکانی زیانیان پێگەیشتووە و ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە."

لای خۆیەوە، سامان سەلمان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە پێشمەرگەکان گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیدان و دۆخی گشتییان جێگیرە.