لە پێشهاتێکی ئەرێنی و مێژووییدا کە بوژانەوەیەکی نوێ بە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان دەبەخشێت، کۆمپانیای گەڵف کیستۆن پێترۆلیۆم (GKP) ئاشکرای کرد کە لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ـوە یەکەمین باری نەوتی وەکو قەرەبوو بە نرخە نێودەوڵەتییەکان وەرگرتووە.
رۆژی پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، کۆمپانیای گەڵف کیستۆن لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم بارە نەوتە زیادانە (top-up barrels) بۆ رێکخستنەوەی فرۆشی نەوتی هەناردەکراوی چارەکی چوارەمی ساڵی 2025 تەرخان کراوە، کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی سیانیی کاتیی نێوان کۆمپانیا نەوتییەکان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق دراون. ئەمەش دەبێتە دەستپێکێکی گرنگ بۆ دانەوەی قەرز و شایستە داراییە کەڵەکەبووەکانی کۆمپانیاکە.
لەم بارەیەوە، جان هارس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گەڵف کیستۆن دڵخۆشیی خۆی دەربڕی و گوتی: "دەستپێکردنی پرۆسەی پێدانی پارەی قەرەبوو، وەرچەرخانێکی ئەرێنی و زۆر گرنگە بۆ کۆمپانیاکە و پێشخستنی پیشەسازیی نەوتی کوردستان."
هەروەها بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە جەختی لەوە کردەوە کە وەرگرتنی تەواوی شایستە داراییەکانی گرێبەستەکانی بەشداریکردن لە بەرهەمهێنان (PSC) بە نرخە جیهانییەکان، بە تەواوی لەگەڵ یاسای هەموارکراوی بودجەی عێراق و گرێبەستەکانیان یەکدەگرێتەوە. گوتیشی: "پێشوازی لە پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەکەین لە جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوەدا، کە بێگومان پێگەی عێراق و هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ وەبەرهێنانی نەوتی نێودەوڵەتی بەهێزتر دەکات."
لە کۆتاییدا، گەڵف کیستۆن دووپاتیکردەوە کە بە چەسپاندنی ئەم بنەمایە بۆ پارەدان، کۆمپانیاکە بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوون بۆ وەرگرتنەوەی سەرجەم قەرز و شایستەکانی. ئەم پارەدانە سەرەتاییەش دەبێتە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ فراوانکردنی کارەکانی کۆمپانیاکە لەپێناو پەرەپێدانی زیاتری یەدەگە گەورە و کەم-تێچووەکانی کێڵگەی نەوتی شێخان.


کۆمێنتەکان
هێشتا کۆمێنتێک نییە.