نێچیرڤان بارزانی بە دەرچووانی گوت: داهاتوومان تەنیا بە سامانی سروشتی دیاری ناکرێت؛ سامانی راستەقینە نەوت نییە، بەڵکوو عەقڵ، هزر و دەستپێشخەریی ئێوەیە. با یەکەم پرسیارتان ئەوە نەبێت حکوومەت چیتان پێشکەش دەکات، بەڵکوو دەبێت لە خۆتان بپرسن: من دەتوانم چی پێشکەش بکەم و چ کێشەیەک چارەسەر بکەم؟ نیشتمان بەوە گەورە نابێت چەندی لێ وەردەگریت، بەڵکوو بەوە گەورە دەبێت تا چەند بەشداری لە بنیاتنانیدا دەکەیت.

سەبارەت بە شێوازی بیرکردنەوە، گوتی: ئەمڕۆ بەدەستهێنانی زانیاری ئاسانە، بەڵام زۆریی زانیاری بە مانای قووڵیی زانین نییە. گرنگترین بەهایەک کە زانکۆ پێتان ببەخشێت ئەوەیە: خاوەنی عەقڵێکی سەربەخۆ، ئازاد و رەخنەگر بن؛ عەقڵێک کە جیاوازی لە نێوان راستی و بانگەشەدا بکات، بەبێ سانسۆر پرسیار بکات و بوێریی هەڵە راستکردنەوەی هەبێت.

لەبارەی فرەپێکهاتەیی لە عێراق و کوردستان، جەختی کردەوە: پێویست ناکات وەکوو یەک بین تا پێکەوە بژین و وڵات ئاوەدان بکەینەوە. جیاوازیی بیروبۆچوون نابێت ببێتە دابڕان؛ هێزی ئێمە لە فرەچەشنیدایە نەک لە هاوشێوەبووندا. کوردستان و عێراق پێویستییان بە نەوەیەکە کە فرەیی بکاتە سەرچاوەی هێز و پردی گفتوگۆ نەپچڕێنێت.

سەبارەت بە دڵەڕاوکێی گەنجان بەرامبەر ئایندە و ژیریی دەستکرد گوتی: پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا وەڵامی زۆرمان پێ دەدات، بەڵام هەرگیز ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی بڕیاری مرۆیی. ئەزموونی کوردستان فێری کردووین کە واقع هەرچەند سەخت بێت قەدەرێکی نەگۆڕ نییە؛ بە ئومێد، کۆڵنەدان و کارکردن دەگۆڕدرێت.